ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەمساڵدا حکومەت ژمارەیەک گرێبەست بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری وڵات واژۆ دەکات، لەوانەش دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ کۆریای باشوور.
وەک شارەزایانی سەربازیی دەڵێن: عێراق پێویستی بە گۆڕینی ستراتیژیی سەربازیی هەیە و دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووش وەک خاڵی لەپێشینەی ئەو ستراتیژە لەقەڵەم دەدەن.
لێدوانی فەرمی: یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەمساڵدا عێراق ژمارەیەک گرێبەستی سەربازیی لەبوارەکانی بەرگریی ئاسمانیی، هێزی ئاسمانیی و فڕۆکەی سەربازیی واژۆ دەکات، بەمزووانەش لەبواری سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا گرێبەست لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆ دەکات.
جەمال تائی، شارەزای ئەمنیی دەڵێت، بۆ پاراستنی ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان و ئاسمانی وڵات، دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانیی پێویستییەکی ستراتیژییە، بۆیە گرنگە هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو گرێبەستی نێودەوڵەتی درێژخایەن لەم بوارەدا واژۆ بکرێت، ئەگەر ئیرادەی سیاسیی و تەرخانی داراییش هەبێت، ئەمریکا لەم بوارەدا خاوەن کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووە و دەتوانێت بە عێراقی بفرۆشێت.