پارێزگاری کەركووک دەڵێت، سێ کاتیۆشا لە شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە گەڕەکی عرووبە بەر ماڵێک کەوتووە، دووانی دیکەش لە فڕۆکەخانە کەوتوونەتە خوارەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەردانی گەڕەکی عرووبەی کرد و رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین تاوەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان کارەکانیان بکەن. [هێرشەکە] هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە. تەنیا زیانی ماددی بەر ماڵێک کەوتووە."
پارێزگاری کەرکووک: "بە نزیکی شوێنی هاوێشتنیان دەرکەوتووە، بەڵام چاوەڕێی لێکۆڵینەوە دەکەین. دوێنێ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش لە سلێمانی و دژەتیرۆری عێراق گورزێکی راستەقینەیان لە سەرکردایەتیی داعش دا و سێ کەسی لە سەرکردایەتیی داعش کوشت."
هاوکات، لەبارەی ئەو مووشەکانەی لە فڕۆکەخانەی شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە، رایگەیاند: "لە نێوان رێڕەوی فڕۆکەخانەی مەدەنی و فڕۆکەخانە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە. هەردوو لای فڕۆکەخانە زیانیان بەر نەکەوتووە. گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە رۆژن و بەردەوام دەبن
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەركووک دەڵێت، کاژێر 11:30 خولەکی ئەمشەو سێ مووشەک "کە سەرچاوەکەیان نادیار بوو لە فڕۆکەخانەکە کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسكێک بریندار بوو."
رێبوار تەها گوتیشی: " بە ئەرکی خۆمی دەزانم، دەبوو بێم. کاتیۆشایەک بەر ماڵێک کەوتووە. بە تایبەت لەکاتێکدا خێزانەکە لە ماڵەوە بوون و منداڵیان هەیە. سوپاس بۆ خوا هەموویان سەلامەتن. هەموو خەڵکی کەرکووک دڵنیا دەکەینەوە، ئەوانەی لە پشت ئەم کارەوە بوونە، بەدوایانەوە دەبین."
خاوەنی ئەو ماڵەی کاتیۆشایەکی بەرکەوت بە رووداوی گوت: " لە ماڵەوە دانیشتبووین، دەنگێکی گەورە هات. سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."