بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ژمارەیەک هاککەر کە ئەمریکا بە ئێرانی ناساندوونى، رایانگەیاندووە، 100 گێگابایت ئیمێڵی نهێنیی بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و یاریدەدەرەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان لایە و هەڕەشەى بڵاوکردنەوەى دەکەن.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە، بەڕێگەی چات قسەیان لەگەڵ ژمارەیەک هاککەری ئێرانی کردووە و ئاشکرایان کردووە، 100 گێگابایت ئیمێڵی سوسی وایڵز، سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی، لیندسی هاڵیگن، پارێزەری ترەمپ، رۆگەر ستۆن، راوێژکاری ترەمپ و ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەرى پۆڕنۆگرافییان لەلایە کە سکاڵای لە دژی ترەمپ کرد و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکەن.

ئەم هەڕەشەیەی هاککەرەکان پێش هەڵبژاردنەکانی 2024ـی ئەمریکا دەستیپێکردووە، کە ئەو کات ژمارەیەک ئیمێڵی نهێنی بازنەی دەوروبەری ترەمپیان بۆ میدیاکانیان نارد. 

ئاژانسی رۆیتەرز دەشڵێت، گرووپەکە کە ناویان رۆبێرتە لەلایەن ئەمریکاوە بە گرووپێکی هاککەری ئێرانی ناسراون و زانیاریی وردیان لەبارەی ناوەڕۆکی ئیمێڵەکان ئاشکرا نەکردووە.

ئەو هاککەرانە راشیانگەیاندووە، پێدەچێت بەشێک لە ئیمێڵەکان بفرۆشنە میدیاکان، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.

هاوکات، پام بۆندی داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوە هێرشی ئەلیکترۆنی بێ بەهانەیە و کاش پاتێڵی سەرۆکی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکاش رایگەیاندووە، هەر کەسێک مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دروستبکات، بەوردی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.