جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و عێراق ئەرێنی بووە و گەشبینن لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتن و کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد و چەند پرسێکی دیکە کرد.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەشبینن لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەغداد بگەنە رێککەوتن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت".

قوباد تاڵەبانی جەختیکردووەتەوە، هەموو هەوڵێکدەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.