کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان هەنگاوێکی بێ سوودە، چونکە هەر دەنگدەرێک بیەوێت دەنگ بدات، دەبێت خودی خۆی ئامادە بێت، لەڕێگەی پەنجەمۆر و وێنەی سەر کارتەکەشی دڵنیا دەبنەوە کە دەنگدەر  هەمان خاوەن کارتی ڕاستەقینەیە، دواتریش بە کامێرای چاودێریی دڵنیا دەبنەوە کە پرۆسەکە پاک و بێگەردبووە و یاخود نا.

 

 بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بەردەوامە لە ڕێکارەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. 

 

موهەنەد سەراف، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە ڕۆژنامەی فەرمی (سەباح)ـی ڕاگەیاند، خاوەن کارتی دەنگدان ڕۆژی هەڵبژاردن دەبێت خۆی لە بنکەی دەنگدان ئامادە بێت و دوای دڵنیابوونەوە لە وێنە و پەنجەمۆریشی ئینجا دەتوانێت دەنگ بدات، لەم پرۆسەیەشدا کامێرای چاودێری لە وێستگەکان هەیە و دیسان ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە پاک و بێگەردی پرۆسەکە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕو، تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدانیان بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام کارێکی لەوشێوەیە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی هەڵبژاردنەوە و هەر کاندید، حیزب و هاوپەیمانێتییەک بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت ئەو کارەی کردووە، لە پرۆسەی هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە.