پڕۆژەی ڕووناكی لە سلێمانی لە فراوانبووندایە، تادێت ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کارەبایان دەبێتە 24 کاتژمێری زیاتر دەبن، هەر لەماوەی چەند ڕۆژێکدا 212 مۆلیدە لە گەڕەکەکانی سەنتەری ئەو پارێزگایە کوژێنراونەتەوە.

 

 پڕۆژەی ڕووناكی کە مەبەست لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئێستا پرۆژەکە گەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، سەدان مۆلیدەی کوژاندووەتەوە و پرۆسەکەش لە فراوانبوونیدایە.

عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی بە ئاڤای گوت، "بە دوو قۆناغ 284 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە، 312 مۆلیدە ماون، دوای دابینکردنی لۆد بۆیان و گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بە سەرجەم ناوچەکانی شاری سلێمانی، ئەوانیش دەکوژێنرێنەوە."

 

 بەگوێرەی دوایین ئاماری تیمی پڕۆژەی ڕووناکی، 17%ـی مۆلیدەی گەڕەکەکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە.