سێ تۆمەتبار لەسەر سووتانی 50 دۆنم زەوی و نزیکەی 150 سندووقی هەنگ لە سنووری قەزای ماوەت دەستگیر کران.
لە ماوەی ڕابردوو ئاگرێک لە سنووری گوندی غەزینەی سەربە قەزای ماوەت کەوتەوە، بەو هۆیەوە نزیکەى 50 دۆنم لە دارستان و پاوان و 150 سندوقى بەخێوکردنى هەنگ سووتان، لەو کاتەوە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران دەستیپێکرد، ئێستا سێ تۆمەتبار لەلایەن ئاسایشى سلێمانییەوە دەستگیرکراون و ڕادەستى بەشى پۆلیسى دارستانى ماوەت کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکە لەلایەن بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى ماوەت و بەهاوکارى و هەماهەنگیی بەردەوامى ئاسایشى سلێمانى لێکۆڵینەوە دەستىپێکرد و توانرا سێ تۆمەتبار کە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە بوون، دەستگیر بکرێن.
ئەو سێ تۆمەتبارە بەمەبەستى گەشتکردن هاتبوونە سنورەکە و ئاگر لە دەستیان تەشەنەى کردووە و دواتر لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان دژ بەو کەسانە.