بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەى لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەى بزووتنەوەى حەماس دەکات.

هەفتەیەک پێش ئەو دانوستانانەی کە بڕیارە لەگەڵ ترەمپ لە واشنتن ئەنجامى بدات، نەتانیاهوو دەڵێت، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەن و بزووتنەوەى حەماسیش لەناودەبەن. دەتوانرێت ئەمە لە یەککاتدا ئەنجامبدرێت، ئێمەش لە هەمانکاتدا ئەنجامی دەدەین. بە پێچەوانەی ئەوەی خەڵک دەیڵێنڤ، ناتوانرێت، ئێمە بناغەکانیان لەناویان دەبەین",

ئەوە لەکاتێکدایە، بزووتنەوەى حەماس تاوتوێى ئەو پێشنیازانە دەکات، کە بەنێوەندگیریی قەتەڕ و میسڕ بۆ ئاگربەست لە غەززە پێشکەشکراون.

نزیکەی 21 مانگە جەنگى نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و ئیسرائیل لەم دواییانەدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی فراوانتر کردووە.

بەگوێرەى بەرگریی شارستانیی غەززە، هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە لانیکەم 47 کەسیان لە غەززە کوشتووە.

رۆژى سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە حەماس کرد کە ئاگربەستی 60 رۆژە قبوڵ بکات و رایگەیاند کە ئیسرائیل رازی بووە بە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە دوایین پێشنیازەکان دەکۆڵێتەوە و ئامانجی ئەوەیە بگات بە رێککەوتنێک کە گرەنتیی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بکات و بەپەلە هاوکاریى مرۆیى بگەیەندرێتە کەرتى غەززە.