ئاو بە تەواوی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار بڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەک خێزان بۆ ناوچەکانی دیکە، ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزیش داوای چارەسەری خێرا دەکەن.  

پارێزگای ئەنبار چەند ساڵێکە بە دەست قەیرانێکی چری کەم ئاوییەوە دەناڵێنێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاریی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاستی ڕووباری فورات و نەبوونی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی ئاو.

 

سەمیم فەهداوی، سەرۆکی سەنتەری فورات بۆ ژینگەپارێزی، هۆشداری دا لە قەیرانێکی سەختی کەمئاوی کە ڕووبەڕووی ناوچەیەکی فراوانی پارێزگای ئەنبار دەبێتەوە.

 

 فەهداوی ئاشکرایکرد، ئاو بە تەواوی لە ناوچەکانی بەعلوان، شوورتان، محامدە و بوعێسە بڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەک خێزان بۆ ناوچەکانی دیکە، جگە لە بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی پێست بەهۆی ناچاربوونی دانیشتووان بە بەکارهێنانی ئاوی بیر کە بەهیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە شیاو نین.

 

دانیشتوانی گەرمە ئاماژە بەوە دەدەن، بەهۆی قەیرانی ئاوەوە دەیان خێزان قەزاکە و دەورووبەریان جێهێشتووە و هۆشداریش دەدەن ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەداهاتوویەکی نزیکدا ناوچەکە بەتەواوی چۆڵ دەبێت.

 خالید شمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، دۆخی ئاو لە عێراق سەخت و ئاڵۆزە، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەم بەردانەوەی ئاو بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو، بەڵام حکومەت بەڵێنی لە لایەنی تورکی وەرگرتووە کە بەردانەوەی ئاو بۆ 420 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیاد بکات، لە ئاستی ناوخۆشدا هەوڵی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دراوە و بەردەوامیش دەبێت.