دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دروستکردنى حیزبى سێیەمی لەلایەن ئیلۆن مەسک بە گاڵتەجاڕانە ناوبرد و سکۆت بێسنت وەزیرى گەنجینەى ئەمریکاش بۆ ئیلۆن مەسک گوتی، سەرنجت لەسەر کۆمپانیاکانت بێت و مەکەوەرە دواى سیاسەت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە پارتە سیاسییە نوێیەکەی "ئەمریکا یەکەم"ی هاوپەیمانی پێشووی ئیلۆن مەسک گرت و بە گاڵتەجاڕانە ناویبرد.
ترەمپ گوتى، بەهیچ شێوەیەک حیزبى سیانى سەرکەوتوو نەبووە، لەوانەیە کاتى لەگەڵدا بەسەر بەرێت، بەڵام لە کۆتاییدا گاڵتەجاڕانەیە.
ترەمپ گوتیشی، "بە بۆچوونى من دروستکردنى حیزبى سێیەم شتێکی گاڵتەجاڕییە. هەمیشە سیستمی دوو حیزبى هەبووە، بە بڕواى من دروستکردنى حیزبى سێیەم تەنیا سەرلێشێواوی زیاتر دەکات".
هەروەها سکۆت بێسنت، وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا، رەخنەى لە ئیلۆن مەسک، ملیاردێرى بەناوبانگى ئەمریکا گرت، بەوەى کە حیزبێکى سیاسیی راگەیاندووە، ئاماژەى بەوەکردووە، پێویستە سەرنجت لەسەر کۆمپانیاکانت بێت لە برى سیاسەت.
پێشتر ئیلۆن مەسک، کە لە دایکبووى باشوورى ئەفریقایە و ساڵى 2002 مافى مانەوەى لە ئەمریکا وەرگرتووە، رایگەیاند حیزبێکى نوێ لە ئەمریکا دروستدەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى سیستمى تاک حیزبى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.
کاتێک ئاژانسى سى ئێن ئێنى ئەمریکى لە وەزیرى گەنجینەى ئەمریکاى پرسى ئەم هەنگاوەى ئیلۆن مەسک، ئیدارەى ترەمپ بێزار دەکات؟، وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا رەخنەى لێگرت و گوتى، باشترە نەچێت بەلاى سیاسەتدا، چونکە ئەو توانایەکى باشى هەیە لە بەڕێوەبردنى کۆمپانیاکانى وەک لە کارى سیاسیی.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئیلۆن مەسک و دۆناڵد ترەمپ، زۆر نزیکبوون لە یەکدى بەتایبەتى لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى کە ترەمپ سەرکەوتنى تێدا بەدەستهێنا، مەسک زۆرترین بەخشینى دارایی، کە 300 ملیۆن دۆلار بوو، پێشکەش بە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەى دۆناڵد ترەمپ کرد، بەڵام بەهۆى ناکۆکییان لەسەر بودجەى ساڵانەى ئەمریکا و سیاسەتی باج لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، لە مانگى ئایارى ئەمساڵ، ئیلۆن مەسک کۆشکی سپیی بەجێهێشت.