ئێستا یەک لەسەر سێی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان لە داکەوتن و هەڵدانەوەی جۆزەی موەلیدە رزگاریان بووە و بە گوتەی وەزارەتی کارەبا زياتر لە %30ی دانيشتووان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرين.
سەرەڕای ناڕەزایی هاونيشتيمانييان لە زۆریی نرخی کارەباکە، بەڵام بەشێکيان دڵخۆشن پێی و بەشدار عەتار دوکاندارێکی شاری هەولێرە، ئەو باس لەوە دەکات، کە دەبوو زووتر ئەو کارە بکرايە و لە دوکان و لە ماڵەکەيدا سوودی لە کارەبای 24 کاتژمێری بينيوە.
بەگوێرەی راگەيەندراوی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 544 هەزار هاونیشتمانی، کە دەکاتە زیاتر لە 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتى کارەبا دەشڵێت، بەهۆی پرۆژەی رووناکییەوە 80%ـی هاونیشتمانییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە.
بەگوێرەی زانيارييەکانی ماڵپەڕی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئێستا يەک مليۆن و 375 هەزار هاونيشتیمانی لە هەولێر، 504 هەزار لە سلێمانی و 176 هەزاريش لە دهۆک سوودمەند بوون لە پڕۆژەکە.
هەروەها، ژمارەی ئەو مۆليدانەی تاوەکو ئێستا کوژێندراونەتەوە دوو هەزار و 107 مۆليدەيە، لەکاتێکدا پلانی پڕۆژەکە بەجۆرێکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە بکوژێنرێتەوە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، پڕۆژەی رووناکی بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان راگەيەندرا، لە 14ـی ئایاریی 2025دا ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکەی پەسەند کرد.
بڕيارە، تاوەکو کۆتاییی ساڵی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ بگات.