دوای ساڵانێک لە ناکۆکی و دانوستاندنی سەخت، حکومەتی بەریتانیا و فەرەنسا گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پەڕینەوەی نایاساییە.
 
بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە، فەرەنسا رەزامەندیی نیشانداوە ئەو کۆچبەرانە وەربگرێتەوە کە لە خاکەکەیەوە بە شێوەی نایاسایی دەپەڕنەوە و دەگەنە کەناراوەکانی بەریتانیا.
 
بەڵام پاریس مەرجێکی سەرەکیی هەیە، ئەویش ئەوەیە لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی هەر کۆچبەرێک کە لەلایەن بەریتانیاوە دیپۆرت دەکرێتەوە، دەبێت لەندەن کۆچبەرێکی دیکە لە فەرەنساوە بە شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت. ئەم میکانیزمە بە شێوەی "یەک بە یەک" جێبەجێ دەکرێت، بە مەرجێک ئەو کەسەی بە یاسایی دەبرێتە بەریتانیا، کەسێکی نزیکی لەو وڵاتە مافی مانەوەی هەبێت و پێویستی بە چوونە لای خێزانەکەی بێت.
 
لای خۆیەوە کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چەند کاژێری رابردوودا وردەکاریی زیاتری پلانەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، "لەمەودوا هەر کۆچبەرێک بە بەلەم بگاتە بەریتانیا، دەستگیر دەکرێت، دادگایی دەکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا دیپۆرت دەکرێتەوە."
 
سەبارەت بەو کۆچبەرانەش کە بڕیارە بە شێوەی یاسایی لە فەرەنساوە وەربگیرێن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا مەرجێکی دیکەی راگەیاند و گوتی، "پێویستە ئەو کەسانە هەرگیز هەوڵی هاتنیان بۆ بەریتانیا بە شێوەی نایاسایی نەدابێت،" واتە پێشتر لەسەر سنوور دەستگیر نەکرابن و نەگەڕێندرابنەوە بۆ فەرەنسا.