میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، مانگی داهاتوو ڤاتیکان میوانداریی دانوستاندنەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی 22-5-2025، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لەسەر داوای پاپا لیۆی چواردەم، پاپای ڤاتیکان و ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ڤاتیکان بەڕێوەبچێت.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە دانوستاندنەکاندا شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپ ئامادە دەبن، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی شاندی ئۆکراینا و ڕووسیا نەخراوەتەڕوو.
پاپا لیۆی چواردەم لە یەکەم وتاری دەستبەکاربوونیدا پشتیووانی داوای ئاشتی و دادپەروەری و سەقامگیری بۆ ئۆکراینا کرد، بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە سێ ساڵ زیاترە بەرۆکی ئۆکراینای گرتووە.
ئەم داوایەی پاپا بۆ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان لە ڤاتیکان هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی بۆ خەڵکی سڤیل لە ئۆکراینا، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لەو داوایە کرد.