نەتەوەیەکگرتووەکان گەڕانەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەر و ئاوارەی سووری بۆ ناوچەکانی ڕاگەیاند و دەڵێت، "16 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش لە سووریا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە".
دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا لە 8-12-2024، بە یارمەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، کاروانی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان دەستیپێکرد و زۆربەی ئەو کەسانەی بە هۆی شەڕ و پێکدادان و ململانێی تایفی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر ببوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.
ئیدم وسۆرنۆ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و زیاتر لە 500 هەزار پەنابەریش لە وڵاتانی دەوروبەری سووریاوە بۆ وڵاتەکەیان گەڕاونەتەوە.
بە گوتەی ئیدم وسۆرنۆ، 16ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی هەیە و سەرەڕای زیادبوونی ئاستەنگییەکان نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، "هیوادارین هەڵگرتنی سزاکان لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر سووریا ئاسانکاری بۆ پرۆسەی بوژانەوە و گەشەپێدان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوەرەکانی ئەو وڵاتە بکات.
بەپێی ئاماری بەشێک لە ڕێکخراو و سەنتەری لێکۆڵینەوەکان ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە دەرەوەی وڵات, تا کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە نزیکەی حەوت ملیۆن پەنابەر.