گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان "قبووڵکراو" نین، دەشڵێت، چاوەڕێن حکومەتی عێراق واز لە هەندێک مامەڵە بهێنێت کە بەرامبەر کورد دەیکات. هاوکات، جەختی لەوە کردەوە کە بە چڕی کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا دەکات.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە سەبارەت بەو کردەوانەی کە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان روویانداوە، بە ئاشکرا قسەمان کردووە، کاتێک دێتە سەر پرسی مووچە و دابەشکردنی نەوت، روونمان کردووەتەوە کە چاوەڕێین عێراق واز لە هەندێک مامەڵە بهێنێت کە بەرامبەر کورد بەکاری دەهێنن."
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی کردووەتە ئامانج، برووس گوتی: "بێگومان، ئەم جۆرە هێرشانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵنەکراون. ئێمە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆمانمان لەبارەیانەوە دەربڕیوە."
لەم مانگەدا 15 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان. ، 6 لەو هێرشانەی کراون، بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون، کە چواریان ئەمڕۆ چوارشەممە کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک.
"سەرۆک ترەمپ گرنگی بە هەموو لایەنێک دەدات"
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی دۆخی ئاڵۆزی سووریا و هێرشەکانی ئیسرائیل، رایگەیاند، پێشهاتەکان "زۆر خێرا" بوون و جەختی لە دەستوەردانی راستەوخۆی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کردەوە.
برووس گوتی, "ئەمە ئەوەیە کە لێرەدا زۆر سەرنجڕاکێشە، بریتییە لە دەستوەردانی دەستبەجێی سەرۆک خۆی و وەزیری دەرەوە، بە ئاشکرا قسەیان لەسەرکرد، راگەیێنراویان دەرکرد و پابەندبوونی خۆیان بەم دۆخە روونکردەوە."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا، پێدەچێت "تێگەیشتنێکی هەڵە" لە نێوان لایەنەکاندا روویدابێت و گوتی: "ئەگەر تێگەیشتنێکی هەڵە هەبوو، پێویستە بتوانین بەخێرایی بجوڵێین."
برووس پەیامێکی روونی بۆ ناوچەکە نارد و گوتی، "پێموایە سووریاییەکان، ئیسرائیلییەکان، حکومەتی سووریا، ناوچەکە، ئێستا دەزانن کە کەسانێک لێرە ئاگادارن، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشدارە، کە ئێمە بە شێوەیەکی پابەندانە بەشدارین، کە سەرۆک ترەمپ گرنگی بە هەموو لایەنێک دەدات."
برووس دووپاتیکردەوە، ئەمریکا تێدەگات خەڵکی سووریا پێویستیان بە بینینی "ئەنجام"ـە، بەتایبەتی لە بواری ژێرخاندا و ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی باڵیۆز تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی لە سووریا کرد.