بەڕێوەبەرايەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، شەوى رابردوو زیاتر لە شەش رووداوى ئاگرکەوتنەوەى جیاجیایان کۆنترۆڵکردووە و رێگرییان کردووە رووداوەکان زیانی گیانییان لێبکەوێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێت: شەوى رابردوو کاتژمێر 21 و 38 خولەک تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر نیو کاتژمێری سەختیان بەڕێکردووە و لە یەککاتدا زیاتر لە شەش ئاگر لە سنوورە جیاجیاکانى پارێزگاى هەولێر و سەنتەرى پارێزگا هەبوون.
بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، ئاماژەى بەوەشکردووە، 19 تیمی ئێشکگر لە ماوەیەکی کەمدا دەستیان بە جوڵە کرد و سەرجەم کارمەندان بەوپەڕی گیانفیدایی و بێ سڵەمینەوە لە ئاگری بەتین توانیان کۆنترۆڵیان بکەن و رێگری بکەن بێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
ئێوارەى دوێنێ، ئاگرێکى گەورە لە دەشتى شەمامکى سەر بە پارێزگاى هەولێر کەوتەوە و بەگوتەى پەیامنێرى کەناڵ8، بەهۆى ئاگرەکەوە زیاتر لە سەد دۆنم زەوى بە گەنم داچێندراو سوتاوە.