لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پاسەوانانی وەزارەتەکە هێرش دەکرێتە سەر ژمارەیەک پزیشک و فەرمانبەری دانەمەزراو، بەمەش پشێوی و ئاڵۆزی دروست دەبێت.
53 پزیشکی گشتیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەی وڵات خوێندنیان تەواو کردووە تا ئێستا دانەمەزراون، ئەمە لەکاتێکدایە چەندین جار چوونەتە بەردەم وەزارەتی تەندروستی و داوای دامەزراندنیان کردووە. ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی کۆبوونەتەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن لەلایەن پاسەوانەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
ئوسامە داوود کە یەکێک بوو لە پزیشکە دانەمەزراوەکان بە ئاڤای وت، "ئێمە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانمان چووینە بەردەم نووسینگەی وەزیر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن بەشێک لە پاسەوانەکان و تیمی پڕۆتۆکۆڵی وەزیری تەندروستی پەلامار دراین و دوو کەسمان لەهۆش خۆی چوو، زۆربەشمان لێمان درا".
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە ئاڤای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ژمارەیەك گەنج بۆ داواكاری دامەزراندن سەردانی وەزارەتی تەندروستییان کرد، دوای پێشوازیکردن و چاوپێکەوتن و ڕێزگرتن و گوێگرتن لە داواکاریەکانیان، بەڵام دواتر بەداخەوە لە پرسگە بووەتە دەمەقاڵێیان لەگەڵ چەند کارمەندێك، دواتر پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان داوە.
- بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونەتە هۆی پشێوی، بەپێی ڕێکارەکانی لێکۆلینەوە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و "جەخت دەکەینەوە کە پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە شکۆی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان بگرێت".
هەواڵ
لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی هێرش دەکرێتە سەر ژمارەیەک پزیشک
پێش ساڵێک