بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنی لە ملەی نەڵمە ڕێگای هاتووچۆی نێوان پێنجوێن و سلێمانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێ داخرا.

 ئەمشەو تانکەرێکی هەڵگری سووتەمەنی لەسەر ڕێگای سەرەکی ملەی نەڵمە کە قەزای پێنجوێن بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، ئاگری گرت و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بووە هۆی ڕاگرتنی تەواوەتی هاتووچۆ ئەو ڕێگا ستراتیژییە. 

 دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە قەزاکانی پێنجوێن و سەیدسادق، هەروەها لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە هەوڵەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد.

هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بەئاڤا میدیای ڕایگەیاند" هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوە دووبارانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لەلایەن شۆفێرانی ئەو تانکەرانەوە

بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن، زۆربەی ئەو تانکەرانەی تووشی ڕووداو دەبن، ئێرانین و شۆفێرەکانیان پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ نابن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێگەی پێنجوێن سەخت و یەک سایدە، ئەمەش وەک هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی مەترسییەکانی ڕووداوی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا.

 ئەمە سێیەم ڕووداوی لەم شێوەیەیە کە لە شەوی ڕابردووەوە لەسەر هەمان ڕێگا ڕوودەدات، ڕووداوەکانیش بریتی بوون لە وەرگەڕان و سووتانی تانکەری سووتەمەنی.