دەرگای سایلۆکانی گەنم بەڕووی جووتیارانی کەرکووک دەکرێنەوە، هاوکات ڕۆژانە نزیکەی 11 هەزار تۆن لە چوار سایلۆی سنووری پارێزگاکە وەردەگیرێت.
ئەمساڵ 850 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری کەرکووک بە گەنم داچێنراوە، نزیکەی 600 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆ بەهۆی وشکەساڵی و ڕێگری سوپا لە جووتیاران دانەچێنراوە، هاوکات لە قۆناغی یەکەم 550 هەزار و 408 دۆنم لە پلانی کشتوکاڵی تۆمارکراوە و گەنمەکەی وەردەگیرێت.
لێدوانی فەرمی: محەممەد ئەحمەد، لێپسراوی هۆبەی زەوی و زار لە کشتوکاڵی کەرکووک گوتی، "لە هەر چوار سایلۆی کەرکووک، حەویجە، تازە و ڕیاز، ڕۆژانە گەنمی جووتیاران وەردەگرن، ئەو بڕەی کە لە چوارچێوەی پلانی كشتوکاڵیدایە دەکاتە 527 هەزار و 521 تۆن، جگە لەوەی نزیکەی 300 هەزار دۆنمی دیکە هەیە کە دەرەوەی پلانی كشتوکاڵییە، بڕیارە بڕێکی لێوەربگیرێت."
ڕۆژانە نزیکەی 11 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی سنووری کەرکووک وەردەگیرێت، بەمشێوەیە:-
کەرکووک: نزیکەی پێنج هەزار تۆن.
ڕیاز: دوو هەزار و 250 تۆن.
حەویجە: نزیکەی دوو هەزار و 500 تۆن.
تازە: دوو هەزار و 300 تۆن.