بەرپرسێکی باڵای پەکەکە کە مانگی ئایار پارتەکەیان هەڵوەشاندەوە دەڵێت، ئەوانەی چەکەکانیان سوتاند خۆیان بۆ کاری سیاسیی ئامادە دەکەن و ئاماژە بەوەشدەکات، رێوڕەسمی هاوشێوەی 11ـی تەمموزی سلێمانی رووناداتەوە.

هێلین ئومێد، کە پێش خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە کۆنگرەی 12دا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکەی بوو، بە تەلەڤیزیۆنی مەدیا خەبەری راگەیاندووە، ئەو کادر و ئەندامانەی چەکەکانیان سووتاند و خۆیان ناوناوە گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی، خۆیان بۆ بەشداریی سیاسیی دیموکراسییانە ئامادە دەکەن.

هێلین کە بە ئەندامی بزووتنەوەی ئازادیی کوردی ناویبراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسانە پاش کارە کاریگەرەکەیان، گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان. ئێستاش سەرنجیان خستووەتەسەر قۆناغی نوێ و سیاسەتی دیموکراسییانە و ئامادەکاریی بۆ دەکەن.

گوتیشی، ئەو گرووپە لەپێناو کردنەوەی دەرگای سیاسەتدا چەکەکانیان سووتاند. لە ئامادەکاریدان و ئەگەر گۆڕانکاریی دەستووریی بکرێت، بۆچی نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ دەستبەرداربوون نییە لە خەبات، بەڵکو "رێگەی خەبات و شێوازی رێکخستنمان گۆڕیوە."

هێلین باسی لەوەکردووە، ئەگەر ئەو گرووپەی چەکەکانیان سووتاند، بگەڕانایەتەوە بۆ تورکیا زیندانیی دەکران، ئەگەر وایە "ئێمەی خەباتکارانی ئازادی، بۆچی خۆمان بە دەستی خۆمان بخەینە زیندانەکانی تورکیا؟"

لەبارەی رێوڕەسمی هاوشێوەی رێوڕەسمەکەی 11ـی تەمموزی سلێمانی هێلین گوتی، رێوڕەسمی لەو شێوەیە رووناداتەوە. با کەس چاوەڕێی رێوڕەسمی لەو شێوەیە نەکات، پێویست ناکات و ناشبێت کارى وەها رووبداتەوە. ئەو پەیامەی پێویست بوو درا و ئەوەی پێویست بوو گوترا. ئەم پرۆسەیە بە هەنگاوی هاوشێوە دەچێتە پێشەوە. "با کەس دڵسۆزیمان تاقینەکاتەوە، ئەوەی پێویستە دڵسۆزییەکەی تاقیبکرێتەوە، بەداخەوە لایەنی بەرامبەرە."

هێلین گوتیشی، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە، بە بانگەشەکردن بۆ پێدانی ئومێدی ئازادبوون بە ئۆجەلان دەستیپێکرد، کە دەرگا بۆ ئازادبوونی دەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، تەنانەت گۆڕانکاریی لە رەوشی ئۆجەلاندا نەکراوە و وەک خۆیەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادکردنی ئۆجەلان، بەشێک نییە لە پرۆسەی چەکدانان، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەی دروست بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە.

هێلین لەبارەی چوارچێوەی یاسایی پرۆسەکە گوتی، پێویستە پرۆسەکە گرەنتیی یاسایی وەربگرێت، چونکە دەکرێت ئەوانەی ئەمڕۆ پشتیوانیی لە پرۆسەکە دەکەن، سبەی بەهۆی دروستبوونی کێشەوە، دژایەتیی بکەن.

هێلین ئومێد بە گرنگییەوە باسی دروستکردنی لیژنە پەرلەمانییەکە دەکات و دەڵێت، لیژنەکە دەتوانێت پرۆژەیاسا ئامادە بکات و گفتوگۆی لەسەر بکات.

هێلین رەخنەی لە خاویی هەنگاوەکانی دەسەڵات گرت و گوتی، دەسەڵات دەڵێت با پرۆسەکە خێرا بچێتە پێشەوە، کەچی خۆی بە خاویی هەنگاو دەنێت.

تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناو دەبات و هێلین ئومێدیش ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەو وشەیە قبوڵ ناکەین و پێویستە بگۆڕدرێت، چونکە پەکەکە خەباتێکی رەوای بەڕێوەبردووە و خەباتی بۆ ناسنامە کردووە، ئۆجەلانیش پرۆسەکەی ناوناوە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی."

دەربارەی هیوا و بڕوایان بە پرۆسەکەش هێلین دەڵێت، "ئەگەر بڕوامان بە پرۆسەکە نەبوایە، ئەو هەموو هەنگاوەمان نەدەنا،" چونکە هەموو شەڕێک ئاشتییەکی هەیە. 10 ساڵ پێش ئێستاش مێزی گفتوگۆ دروستکرا، بەڵام مێزەکەیان هەڵگێڕایەوە.

هێلین دەڵێت، "تورکیایەک کێشەی کورد و کێشەکانی لەگەڵ گەلانی وڵاتەکەدا چارەسەر نەکات، پێشناکەوێت و ئەگەریش بە گونجاویی خۆی دانەڕێژێتەوە، دابەشدەبێت."

لەبارەی سروشتی پرۆسەکە و وەڵامی هەنگاوەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە، هێلین ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو پرۆسەیەی لەئارادایە، مامەڵە و سەودا و پێدان و وەرگرتن نییە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت وەریبگرین کۆمەڵگەی دیموکراسییە. دەمانەوێت دەرگا بە رووی سیاسەتی دیموکراسییانەدا بکرێتەوە. ئێمە نەدۆڕاوین و سەرکەتوو بووین، چونکە هێزەکەی بەرامبەرمان، سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو وزەی خۆی، نەیتوانی شکستمانپێبهێنێت."

هێلین هەڵوێستی جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکەی بەرز نرخاند و گوتی، ئۆزەل پشتیوانیی لە پرۆسەکە کردووە و لە کاتێکدا دەسەڵات لە ناونانی کێشەکان رایکردووە، وەک ئەو دەڵێت، سەرۆکی جەهەپە گوتوویەتى، کێشەی کورد هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت.

هێلین ئومێد، رەخنەی لە فشارەکانی سەر جەهەپە گرت و گوتی، هەر لە سەرەتاوە ئەو فشارانەیان رەتکردووەتەوە و بۆچوونیان وابووە، ئەو فشارانە باری سەر شانی پرۆسەکە قورس دەکەن، هەربۆیە پێویستە کۆتایی بە دانانی قەیووم بۆ شارەوانییەکانی جەهەپە بێت و فشارەکان بوەستێندرێن.