سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانی پیادە و لیوای زرێپۆشەکانیان ئاڕاستەی کەرتی غەززە کردووە و لە میحوەرە جیاوازەکان جێگیرکراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانیان لە خۆئامادەکردن بۆ زیاتر فراوانکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر حەماس و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کەرتەکە، لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "گالیسکەکانی گیدۆن"دا ناردووەتە کەرتى غەززە.

ئەوەى جێی باسە ، سەرجەم لیواکانی یەدەگ، ئاڕاستەی ریزەکانی پێشەوە کراون و لەئێستادا پێنج لیوا، کە لە دەیان هەزار سەرباز پێکهاتوون، لە غەززە چالاکن.

بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام هۆشداری دەدەن لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکانیان، تاوەکو گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان و دوورخستنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.

نزیکەی هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی لە کەرتی غەززە فراوانکردووە و ئۆپراسیۆنی "گالیسکەکانی گیدۆن"یان لە ناوچەکانی باکوور و باشووری کەرتەکە راگەیاندووە، پێشتریش بنیامین نەتانیاهوو رایگەیاند، مەبەست لە ئۆپراسیۆنەکانیان کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماسە.

لەو چوارچێوەشدا سوپای ئیسرائیل بەئامانجگرتنی زیاتر لە 100 پێگەیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا راگەیاند و گوتیان؛ دامەزراوە سەربازییەکان، تونێلەکان و ژێرخانی گرووپە چەکدارییەکانی فەڵەستینیان کردووەتە ئامانج.