ئەمساڵ پرۆسەی ناونووسین بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک حەجخواز دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە خۆی ناونووس بکات.

 

 حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری مامەڵەی هاونیشتمانیانی کردووەتە ئەلیکترۆنی، ئەمەش لەپێناوی نەهێشتنی ڕۆتین و کار ئاسانی کردن بۆیان، لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە پرۆسەی ناونووسینی حەجیش بکرێتە ئەلیکترۆنی و بەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ حەجخواز دەکرێت.

 هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ساڵانە نزیکەی سەد هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ حەج ناوونوس دەکەن، ئەم پرۆسەیە لە سەرەتای مانگی هەشت دەبێتە پرۆسەیەکی تەواو دیجیتاڵی و لەسەر بنەمای پێناسی دیجیتاڵی دەبێت.

 

بەهۆی پرۆسەکەوە دادپەروەری و ئاسانکاری بۆ خەڵک دەستەبەر دەکرێت و یارمەتی وەزارەتی ئەوقاف دەدات بە ئاسانی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.