ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوویەوە.

فەرەنسا و ئەمریکا لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بەردەوامن.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی داهاتووی دانوستانەکان لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە پاریس کراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی مانگی ئازار، بە سەرپەرشتی فەرەنسا و ئەمریکا.

 فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ چارەسەکردنی دۆخی سووریا بە دانوستان و ئاشتییانه بۆ یەکخستنی سووریا و تێکەڵکردنی دانیشتوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا له پڕۆسەی ڕاگوزەری سیاسی و زامنکردنی مافەکانی کورد دووپاتکردەوە.