گەنجێکی کوردی دانیشتووی ناحیەی کەڵەکچی لە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، یەکەمی بەشی زمانی عەرەبی دەبێت لە کۆلێژی ئیمام ئەعزەم لە شاری مووسڵ.

سەعد سعوود نەجم، کوڕە کوردێکی دانیشتووی گوندی دەروێشانە لە ناحیەی کەڵەکچیی سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک. ئەو گەنجە لە بەشی زمانی عەرەبی لە کۆلێژی ئیمام ئەعزەم لە لقی موسڵ یەکەم بووە، لە ئاستی بەشی عەرەبی سەرجەم لقەکانی کۆلێژەکە لەنێو سەدان قوتابی عەرەب دەیەم بووە.

 ئەو بەشەی سەعد تێیدا یەکەم بووە لە موسڵ، نزیکەی 60 کەسی تێیدا دەرچووە لەو ژمارەیە 35 کەسیان عەرەب بوونە.
 سەعد سعوود بە ئاڤا میدیای گوت، "لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی تا پۆلی 12ی ئامادەیی بە زمانی کوردی خوێندوومە و خوێندنم کوردی بووە، بەڵام کاتێك چوومە بەشی عەرەبی هەموو هەوڵێکمدا بۆ ئەوەی بتوانم لەو بەشە سەرکەوتوو بم و توانیم لەسەر ئاستی بەشەکەم یەکەم بم".

 کۆلێژی ئیمام ئەعزەم لە زۆربەی شارەکانی عێراق لقی هەیە و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق دانی پێدانراوە، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دانی پێدانەنراوە.