بەهۆی پچڕانی کارەبا لە هەردوو پرۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان – سلێمانی، سەدا 70ـی گەڕەکەکانی سلێمانی بێئاو بوونە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند "لە کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 25-05-2025، بە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە هەردوو پرۆژەی یەک و دووی ئاوی دوکان – سلێمانی، دابەشکردنی ئاو لە هەردوو پرۆژەکە وەستاوە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی سلێمانی "بەهۆی وەستانی ئەو دوو پرۆژەیە، سەدا 70ـی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بێئاو دەبن، تەنیا ئەو گەڕەکانە بێئاو نابن کە لە پرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاویان بۆ دابین دەکرێت."
ئامانج جەلال باسی لەوە کرد، لەبارەی بابەتەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن و تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی چاککردنی کێشەکەن تا دابەشکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە.