بەهۆی هێرشە درۆنییەکان و وەستانی پرۆسەی بەرهەمهـێنان لە بەشێکی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان، پێدانی بەنزین بەنرخی پاڵپشتیکراو کەمبووەتەوە و ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزین بەنرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن کەمدەبنەوە.

 دوو پاڵاوگەی هەرێمی کوردستان نەوتی خام لە کێڵگەکانی نەوت وەردەگرن و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ پارێزگاکان دابین دەکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکان بڕەکە کەم دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، "لە ئەمڕۆوە ژمارەی ئەو بەنزیخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن کەم دەکرێتەوە، چونکە بڕی ئەو بەنزینەی دابین دەکرا بەهۆی هێرشە درۆنییەکان کەمبووەتەوە و چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخی کێڵگەکان دەکەین."

 تا دوێنێ ڕۆژانە 936 هەزار لیتر بەنزین بۆ 37 بەنزینخانەی هەولێر دابین دەکرا، بەڵام لە ئەمڕۆوە 504 هەزار لیتر بە 14 بەنزینخانە دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوو دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و هەمان بڕی پێشوو دابین بکرێت.