لە مانگێکدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران 12 کۆڵبەر لە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان برینداربوون.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە مانگی تەمموزدا لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 12 کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون، لەو ژمارەیە شەش کۆڵبەر کوژراون و شەش کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون."
کۆڵبەرە کوژراوەکان تەمەنیان لە نێوان 23 تا 45 ساڵدایە و زۆربەی کۆڵبەرە کوژراوەکان خەڵکی شاری سنەن.
بەشێکی زۆری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دۆخی ئابووری ئێرانەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان پەنا بۆ کاری کۆڵبەری دەبەن، کە زۆر جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنوورەکان دەدرێنە بەر دەستدرێژی گوللە.