سلێمانی بەقورسی تووشی کێشەی کەمئاوی بووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر بکرێت، حکومەت پلانی هەیە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورە کێشەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات.

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی،  ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی 80%ـی سەرچاوەی ئاوی سەرچنار و چەند هۆکارێکی دیکە، ئێستا چوار بۆ پێنج ڕۆژ جارێک ئاو بۆ گەڕەکەکان بەردەدرێت، بەو هۆیەوە کێشەی کەمی ئاو لە سلێمانی سەری هەڵداوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دوای پاککردنەوەی هێلی دووی ئاوی دووکان، ئاوی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بەربدرێت، گەیشتنی ئاو بۆ گەڕەکەکان لە دۆخی جاران نزیک ببێتەوە.

ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان،  ڕایگەیاند، لەسەر هێلین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی پلان هەیە ئێستا بە تانکەر ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت، بەڵام بۆ کێشەی بنەڕەتی ئاو لە سلێمانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی دیکە هەیە، ئەویش جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی سێ کە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی لەسەر دراوە، هاوکات ڕەزامەندی وەزارەتی داراییشی هەیە، "چاوەڕێین پرۆژەکە بدرێتە کۆمپانیایەکی بەتوانا و لێهاتوو تاوەکو کارەکانی دەستپێبکات".

بڕیارە لەم نزیکانە پرۆژەکە دەستپێبکات، بەتەواو بوونی ئەم پرۆژەیە کێشەی کەمی ئاو لە پارێزگای سلێمانی چارەسەر دەبێت.