تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار لە هاوبەشی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی دەکاتەوە دەبێت ستییەکانیش پێوەری ئاو ببەستن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم بە پلانێکی ستراتیژی گشتگیر کاری لەسەر چارەسەرکردنی کیشەی کەمئاوی کردووە، لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاو و ڕێکخستنی تۆڕەکان و دابەشکردنی ئاو، بە ئامانجی چارەسەرکردنی درێژخایەن بۆ کەمئاوی.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت: بە پێی ڕێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2018 کە لە ساڵی 2021 هەموارکراوەتەوە، 90٪ی هاوبەشانی ئاو پێوەری ئاویان بەستووە، کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش.
- کاری لە پێشینەی حکومەت ئەوەیە ئاو بۆ گەڕەکەکان دابین بکات، دواتر بۆ ستییەکان دوای ئەوانیش بۆ پرۆژە گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازییەکان.
لە دهۆک و سلێمانی بەشێک لە ستییەکان پێوەری ئاویان بەستووە، لە هەولێریش بەستنی پێوەر لە ستییەکان دەستی پێکردووە.
ئاری ئەحمەد دەڵێت: دەبێت ستییەکانی هەولێر پێوەری ئاو ببەستن و مامەڵەی هاوبەشی تەواو بکەن، بۆ ئەوەی لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرایی گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر ئاویان بۆ دابین بکرێت، ئەو کات ئەو خزمەتگوزارییە لە ئەستۆی وەبەرهێنەر نامێنێت و دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت.