بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین هۆشداری دەداتە ئەو گەشتیار و هاووڵاتیانەی ڕوو لە کەنارەکانی زێی بچووک دەکەن، بەتایبەت لە سنووری قەزای پشدەر، لە مەترسیی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاوەکە، کە بەهۆی بەردانەوەی ئاوەوە لەلایەن ئێرانەوە ڕوودەدات.

 لەدوای کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی ناڕێک و لە کاتی نادیاردا ئاوی بەنداوی کۆڵەسە لە شاری سەردەشت بەردەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئاوی زێی بچووک لە سنووری هەرێمی کوردستان.

 ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ گیانی گەشتیاران. لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین ڕووداو تۆمارکراون کە تێیاندا هاووڵاتیان بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە لەناو ئاوەکەدا گیریان خواردووە و ڕووبەڕووی مەترسیی خنکان و ڕاماڵین بوونەتەوە.

لە ڕاگەیێنراوێکدا بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات کە بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلەکانیان نەبەنە ناو زێیەکەوە و لە کاتی گەشت و سەیراندا ئاگادارییەکی زۆری خۆیان بن، چونکە کاتی بەردانەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە دیار نییە و مەترسییەکە لە ئارادایە.