کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە ڕێگەی تیروپشکەوە ژمارە بەو لیست و هاوپەیمانیێتی و کاندیدانە دەدات کە بەشدارن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
بڕیارە 2025-11-11، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەڕێگەی تیروپشکەوە ژمارە بە هاوپەیمانێتییەکان، کاندید و لیستەکان دەدات.
کۆمیسیۆن لە ڕاگەیێندراوێکدا داوا لە نوێنەرانی هاوپەیمانێتییەکان، حیزبەکان، کاندیدە تاکەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و میدیاکاران دەکات کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ڕێککەوتی 9ـی ئابی 2025، لە هۆڵی "قورتوبە" لە هۆتێلی مەنسوڕ میلیا ئامادە بن.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی 2025-08-10، پرۆسەیەکی فراوانی تاقیکاری بۆ ئامێرەکانی دەنگدان لە هەزار و 79 وێستگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.