ئەمریکا داوای لە هەسەدە کردووە گرژییەکانی لەگەڵ تورکیا کەمبکاتەوە و ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەریش ئاشکرایکردووە، تورکیا دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەسەدە دەکات.

بەپێی ئەلمۆنیتەر، بەرپرسانی تورکیا پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیمەشق کردووە، کە بەندە بە ئەنجامی دانوستانە بەردەوامەکانیان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە لە دیمەشقەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامداوە.

لە پەیوەندییەکەدا باراک بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکای بۆ هێزەکانی هەسەدە لە شەڕی داعشدا دووپاتکردووەتەوە و داوای لێکردووە ڕێگایەکی دیپلۆماسی بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی (هەسەدە) و تورکیا.

 هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەلمۆنیتەر بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشنیازی ئەنجامدانی دیدارێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی لە ڕوانگەی تورکیا بۆ پرسی کورد لە سووریا.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان عەبدی و بەرپرسانی باڵای تورکیا پەیوەست دەبێت بە دەرئەنجامی ئەو وتووێژانەی کە بڕیارە  لە دیمەشق لە نێوان شاندی کوردی و ئەندامانی حکومەتی کاتی سووریا دەستپێبکات، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی بەرفراوانتری ناوچەیی.