سووریا دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ئامانجێکیان لە سنووری پارێزگای لازقییەی سەر کەناری دەریای ناوەڕاست بۆردوومان کردووە. سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندووە: ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە کۆگەی چەک بووە.
ئەمشەو دەوروبەری کاژێر 10:30 میدیای سووریا بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل یەکەی 107ی لە سنووری پارێزگای لازقییە بۆردوومان کردووە.
چەند خولەکێک دواتر، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی کۆگەی چەک و تەقەمەنی کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، لەو کۆگەی چەکەدا مووشەکی دژە کەشتی هەبوون کە هەڕەشە بوون لەسەر جووڵەی کاشتییە ئیسرائیلییەکان و کەشتییەکانی وڵاتانی دیکە لەنێو دەریادا.
سوپای ئیسرائیل باس لەوەش دەکات، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هەندێك "پێکهاتە"ی مووشەکی دژە فڕۆکەی بۆردوومان کردووە.
بۆردوومانەکەی ئەمشەو یەکەمینی ئیسرائیلە لە 3ی ئەم مانگەوە بۆسەر سووریا.