بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، لە مۆندیالی یانەکان، هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و هیلالی سعودی، لە مۆندیالی یانەکان رووبەڕووببنەوە.
پێش یارییەکە، چابی ئەلۆنسۆ و سیمیۆنی ئینزاگی قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان کرد و باسی یارییەکەیان کرد.
چابی ئەلۆنسۆ و سیمیۆنی ئینزاگی هەردووکییان راهێنەری نوێی یانەکانیان و هەردوولا هێندە نییە ئاشنان بە پێکهاتە و یانەی نوێ، بۆیە چاوەڕێی رکابەرییەکی گەورە دەکرێت.
ئینزاگی لەبارەی چابی ئەلۆنسۆوە گووتی....
یارییەکی گەورەمان بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە پێشە، هەوڵدەدەین لێیان ببەینەوە و گورزی خۆمان بوەشێنین.
سیمیۆنی ئینزاگی، راهێنەری هیلال.
تەماشای هەندێک لە راهێنانەکانی ریاڵ مەدریدم کرد، دەشزانم چابی لەگەڵ لیڤەرکوزن چۆن بووە و مێنتالیتی چۆنە، چونکە زۆر سەرسامم بە شێوازی یارییکردنی، زۆر رێزی هەیە لای من، لە زۆر یارییدا ریاڵ مەدرید بەهێزن، ئەمەش راستییەکە وەک شوشە روونە.
هەروەها چابی ئەلۆنسۆ گووتی....
نازانم ئەم پرۆژەیە چەندێک دەخایەنێت هەتاوەکو باشترین ئاستمان پێشکەش بکەین، بەڵام لە سەرەتای هاتنمەوە لەگەڵ یاریزانەکان تەواوی هەوڵی خۆمان داوە و بە گشتی لە تیمەکە رازیم.
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریاڵ مەدرید.
من دەمەوێت سوپاسی ئەنچیلۆتی بکەم بۆ ئەو میراتەی بەجێی هێشتووە، هەمیشە کارەکانی بەرز دەنرخێنم، کارلۆ سەرکەوتووترین راهێنەرە، بەڵام دڵنیاشتان دەکەمەوە ریاڵ مەدریدێکی نوێ بەڕێوەیە.
لەم تیمە نوێیەی ریاڵ مەدرید، هاوسەنگی هەیە، بەدواداچوون هەیە، یاسا هەیە، جێبەجێکردن هەیە، لە هەمووی گرنگتر یەکگرتوویی هەیە.
بەرگریی گرنگترین بەشی کارەکانمە، دەبێت یاریزانەکانم لە هەموو هێڵەکاندا هاوسەنگی و گونجاندن بپارێزن، جارێ نازانم لە یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکان چۆن دەبێت، هەمیشە دوای چەند یارییەک ئینجا کێشەکان دەردەکەون، ئەوکات ئەگەر کێشەیەک هەبوو هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین، بەڵام کەمتەرخەمی بوونی نییە، دەبێت هەمووان بەهێز بن و سەرنجییان بەهێز بێت.