ڕۆژی پێنجشەممە، دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای لە کارەساتێکی دڵتەزێندا بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، دوێنێ پرسەی جۆتا و سیلڤای برای، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە هاوڕێکانی هەردوو یاریزان و کەسوکاریان لەنزیک گۆندۆمار لە پۆرتۆ بەڕێوەچوو، بەڵام کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە بیانووی ئەوەی ئەگەر لە پرسەکە ئامادە بێت، چاوی کامێراکان دەکەونە سەر ئەو و قەرەباڵغی لە شوێنەکە دروست دەبێت، ئەوکات سەرنج لەسەر مەرگی جۆتا و براکەی نامێنێت، هەموو سەرنجەکان دەکەونە سەر ئەو، بۆیە لە پرسەکە ئامادە نەبوو! بەڵام ئامادەنەبوونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە پرسەی هاوڕێکەی، ڕەخنەی زۆری هەوادارانی وەرزشی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش کاتیا ئاڤێرۆ، خوشکی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ناچار کرد، بێتە دەنگ و وەڵامی ڕەخنەکان بداتەوە.

خوشکەکەی کریستیانۆ وەک وەڵامێک بۆ ڕەخنەکان لە ستۆریی هەژماری ئینستاگرامەکەی نووسیبووی: "کاتێک باوکمان کۆچی دوایی کرد، هەرچەندە ئەوکات وەک ئێستا میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان زۆر نەبوون، بەڵام سەرەڕای ئازاری لەدەستدانی باوکمان، ناچار بووین لەگەڵ لێشاوێک لە کامێرا و ڕۆژنامەنووس مامەڵە بکەین، ئەوان لە هەموو شوێنێک بەدوامانەوە بوون، ئێمە نەماندەتوانی کەنسیەکە جێبهێڵین، بەزۆر توانیمان لەکاتی ناشتنەکەی ئامادە بین."