بایرن میونشن و لویز دیاز گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا لیڤەرپوڵ بەجێدەهێڵێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی یانەکەیان بەرپرسانی بایرن میونشن ئامانجیانە یاریزانێک بگوازنەوە ریزەکانیان.
رۆژنامەی بێڵد بڵاویکردووەتەوە یانە باڤارییەکە پاش هەوڵدانێکی زۆر و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ دیازی ئەستێرەی لیڤەرپوڵ، لە کۆتاییدا لەسەر مەرجە کەسییەکان گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە هەرچەندە یانە ئینگلزییەکە ئامادەنین دەستبەرداری ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە ببن، بەڵام یاریزانە بڕیاری کۆتاییداوە و بەهیچ شێوەیەک درێسی لیڤەرپوڵ لەبەر ناکاتەوە.
لویز دیاز یەکێکبوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانەی بەرشەلۆنە، بەڵام لە کۆتاییدا یاریزانەکە بایرن میونشنی هەڵبژاردووە و رەتیکردووەتەوە واژۆ لەسەر گرێبەستی بلەوگرانا بکات.
هێرشبەرە کۆڵۆمبییەکە لەگەڵ لیڤەرپوڵ بەشداری 148 یاری کردووە و لەوماوەیەدا توانیوێتی 41 گۆڵ و 23 ئەسیست تۆماربکات