نرخی بلیتی یارییەکی پێش کۆتایی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی ئەتلەتیک بڵاویکردووەتەوە، نرخی بلیتی یارییەکەی چێڵسی و فلۆمینێنزی کە لە یاریگای مێتلایف بەڕێوەدەچێت، بۆ کەمتر لە 10 پاوەند کەمکراوەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە نرخی بلیتی ئاسایی لە 347 پاوەندەوە بۆ کەمتر لە 10 پاوەند کەمکراوەتەوە، ئەوەش بە گاڵتەجاڕیی لێکدەدرێتەوە بۆ یارییەکەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان.
ڕوونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فیفا هەوڵدەدات ئامادەبوونی هاندەران لە مۆندیالی یانەکاندا بەرزبکاتەوە، چونکە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا ترسی ئەوەی هەیە لە کاتی یاری پێش کۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا یاریگاکان چۆڵ بن بەهۆی کەمی خواست لەسەر بلیتەکان.
چێڵسی دوای بردنەوە بەسەر یانەی پاڵمێراسی بەڕازیلی لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا سەرکەوتنی بۆ قۆناغی پێش کۆتایی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا فلۆمینێنزی بەسەر پشتی یانەی هیلال گەیشتە هەمان قۆناغ.