بەرشەلۆنە بۆئەوەی تووشی کێشەی یاسای یاری خاوێن نەبێتەوە دەستبەرداری ئاراوخۆ و کاسادۆ و فێرمین دەبێت.
یانەی بەرشەلۆنە تاوەکوو ئێستا نەیانتوانیوە بەتەواوی کێشە داراییەکانی یانەکەیان چارەسەر بکەن بەڵکوو پێویستە لەسەرییان دەستبەرداری چەند یاریزانێکیان ببن.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە کە بلەوگرانا سێ یاریزانیان خستووەتە لیستی فرۆشتنەوە و ئامادەن دەستبەردارییان ببن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە لە هێڵی بەرگری بارسا بیر لەوەدەکاتەوە دەستبەرداری رۆناڵد ئاراوخۆ ببێت، چونکە فلێک یاریزانی باشتری هەیە لەو پێگەیەدا و مانەوەی ئەستێرە ئۆرۆگواییەکە تەنها بۆ بەهێزکردنی کورسی یەدەگە هەربۆیە فرۆشتنی بە گونجاوتر دەزانن.
لەلایەکیترەوە یانە کەتەلۆنییەکە لە هێڵی ناوەرسات دوو یاریزانیان دیاریکردووە و ئامادەن بەڕییان بکەن، ئەوانیش فێرمین لۆپێز و کاسادۆن، چونکە بەرشەلۆنە لەو پێگەیەدا خاوەنی یاریزانی باشتری وەک دی یۆنگ و ئۆلمۆ و پێدری و گاڤییە و فرۆشتنی ئەو یاریزانە کاریگەری گەورە لەسەر پلانەکانی هانسی فلێک دروست ناکات.