كاردانەوەكان لەسەر مردنی جۆتا و براكەی بەردەوامە و پسپۆڕێك دەڵێت هۆكاری رووداوەكە تەنها خێرایی نەبووە.
بەدواداچوونەكان بۆ مەرگی دیۆگۆ جۆتا و براكەی هێشتا بەردەوامی هەیە، بە گوێرەی نوێترین زانیاری كە لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوكراوەتەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە جۆتا بووە و خێراییەكەش 120 كیلۆمەتر بووە لە كاتژمێرێكدا.
پێشتر باس لەوە کرابوو لە کاتی رۆیشتندا تایەی ئۆتۆمبێلەکە تەقیووە و دواتر گڕی گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی روودانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە.
لە ئێستاشدا، لە دووەم راگەیەندراوی فەرمیدا لە دوای رووداوە کوشندەکەی رێگای خێرای شاری زامۆرا کە نزیک سنووری باکووری رۆژئاوای ئیسپانیا لەگەڵ پورتوگال روویدا، پاسەوانی مەدەنی ئیسپانیا باسی لەوەكردووە، هێشتا پێداچوونەوە بە راپۆرتی پسپۆڕان دەکرێت، سەبارەت بەو تایە بە جێماوەی ئۆتۆمبیلەكە كە لە جۆری لامبۆرگینییە.
نووسیویشیانە: هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەكەن ئۆتۆمبیلەكە بە خێراییەكی زۆر لێخوڕدراوە، سەرجەم ئەو پشکنینانەی تا ئێستا ئەنجامدراون ئاماژە بەوەش دەکەن کە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تووشی رووداوەکە بووە، دیۆگۆ جۆتا بووە.
ئەم راگەیەندراوە دوابەدوای قسەكانی خاڤیێر لۆپێز دێلگادۆی پسپۆڕ دێت کە ئاماژەی بەوەدابوو، ئەو رێگایەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە چەندین کەموکوڕی هەبووە و تەنها چەند رۆژێک پێشتر رووداوێكی تر تێیدا روویداوە، پسپۆڕەكە پێشی وایە، رێگاکە رۆڵی هەبووە لە ڕووداوەکەدا و خێرایی ئۆتۆمبیلەكە تاکە هۆکاری ئەو کارەساتە نەبووە.
پاسەوانی مەدەنی ئیسپانیا کە تەنها 10 میل لە سنووری پورتوگالەوە دووربوو، لە هەمان ڕۆژی رووداوەکەدا راگەیندراوێكیان بڵاوكردەوە و وتیان: هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تایەی ئۆتۆمبێلەکە لەکاتی لێخوڕینیدا تەقیوە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە و هەردوو سەرنشینەکە گیانیان لەدەستداوە.