ئینریکی دوپاتیکردەوە دەیانەوێت بە شێوەیەکی مێژووی کۆتایی بە وەرزەکەیان بهێنن و ریاڵ مەدریدیش باشترین یانەی جیهانە.
پێش رووبەڕووبوونەوەی ریاڵ مەدرید، لویس ئینریکی راهێنەری پاریس سان جێرمان رایگەیاند، شیکردنەوەی دۆخی ئێستای ریاڵ مەدرید سەختە، یانەکە راهێنەرێکی نوێی هەیە و دەیەوێت تیپێکی گەورە درووست بکات، وە خاوەنی یاریزانی زۆر بە توانان، چێژی تۆپی پێش لەوەدایە جیاوازی نییە پرۆژەی یانەکان تازە بێت یاخود کۆن، هیچ شتێک پێشبینیکراو نییە و هەردوو یانە هەلی بردنەوەیان هەیە.
باسی لەوەشکرد، رووبەڕووبوونەوەی ریاڵ مەدرید هەمیشە چێژبەخش بووە و باشترین یانەی جیهانە، باس لە مباپێش ناکات چونکە بەشێکە لە رابردوویان و باسکردن لێوەی هیچ شتێک ناگۆڕێت.
راهێنەرەکە ستایشی ئاستی ئەشرەف حەکیمی کرد و پێیوایە یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژوو کە لە باڵەکان یارییانکردووە، نونو مێندێسیشی بە یاریزانێکی جیهانی ناوبرد.
سەبارەت بە یارینەکردنی هۆیسن و پاچۆ و لۆکاس هێرناندێز وتی: ناتوانم هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێم چونکە لە ژێر کۆنترۆڵی مندا نییە و نامەوێت کاتێکی زۆری پێوە سەرف بکەم، ئێمە دەبێت کاری خۆمان بکەین بەبێ گوێدانە ئەم پرسانە.
وتیشی: بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو باشتر بین تەنها یەک شت دێتە مێشکم، تا دەتوانین دەبێت پشوو بدەین و سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە، لە ئێستاشدا بۆ ئەم یارییە پاڵنەرمان ئەوەیە کە وەرزێکی مێژوویی بە شێوەیەکی مێژوویی کۆتایی پێبهێنین