ئۆسیمین بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبووە موچەكەی كەمبكاتەوە گرێبەستی گەورەكانی پریمەر لیگی رەتكردووەتەوە.
بازاڕی هاوینەی یاریزانان گەرمتر بووە و جارێکیتر ڤیکتۆر ئۆسیمینی یاریزانی ناپۆلی جێی بایەخی چەندین یانەی دەرەوەی ئیتاڵیایە، یاریزانەكە لەلایەن گەورەكانی پریمەر لیگ كێبڕكێ لەسەر گواستنەوەی دەكرێت لەلایەك و لەلایەكی تریش سعودیەكان چاویان لە گواستنەوەیەتی، هەروەها گالاتەسەرایش دەیەوێت گرێبەستە خواستنەكەی بكات بە هەمیشەیی.
ناپۆلی و ئۆسیمین هیچ هیوایەک لەنێوانیاندا نەماوە، تەنانەت دوای ئەوەی زستانی رابردووش کە بەخواستن نێردرایە ریزەکانی گالاتەسەرای، زۆر یانەی گەورەی ئەوروپا بەتایبەت لە پریمەرلیگەوە چاویان لە تواناکانی بوو، بەڵام یانەکەی چەندجارێک جەختیکردووەتەوە لەوەی بە کەمتر لەو بڕەی وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی كە 75 ملیۆن یۆرۆیە دەستبەرداری نابن.
بەگوێرەی دوایین زانیاریی کە فابریزۆ رۆمانۆ ئاشکرایکردووە، هێرشبەرە نەیجیرییەكە رەتیکردووەتەوە پەیوەندی بە یانەکانی پریمەرلیگ و بەتایبەت مانچستەر یونایتدەوە بکات ئەویش بەهۆی موچەكەیەوە.
رۆمانۆ هۆکارەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێت: ئەو یاریزانە هەرگیز نەیویستووە لەو مووچەی ئێستا وەریدەگرێت لە یانە تورکیەکە كە بریتیە لە 340 هەزار پاوەندی هەفتانە کەمتر وەربگرێت.
هەر ئەمەش وایكردووە هێرشبەرە 26 ساڵانەكە گرێبەستی یانە گەورەكانی پریمەر لیگ رەتبكاتەوە، لە ئێستاشدا نزیكە لە مانەوە و كردنی گرێبەستەكەی بە هەمیشەیی لەگەڵ گالاتەسەرای توركی