دوای ئەوەی ریاڵ مەدرید داوایەکی فەرمی پێشکەشی کۆمەڵەی لالیگا کرد بۆ ئەوەی یارییەکەیان بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی یەکەمی لالیگا دوابخات، بەڵام لالیگا یانەی شاهانەی بێهیواکرد و داواکەی رەتکردەوە.

رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی دەڵێت، یانەی ریاڵ لە 7ـی تەممووز بەفەرمی داوای لە کۆمەڵەی لالیگا کرد کە یارییەکەیان بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی یەکەمی لالیگا دوابخرێت، یانەی شاهانە لە داواکەیدا، داوای رەزامەندیی ئۆساسۆنا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاشی کردبوو.
کادێنا سێر دەشڵێت، دوای گەیشتنی ریاڵ بە قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان، مەدریدییەکان کاتی پێویستییان نییە بۆ پشوودان و دەستپێکردنەوەی مەشق و راهێنانەکان، کە یاریزانەکان لە وەرزی 2023-2024 و وەرزی رابردووش ماندوون و زۆری یارییەکان وایکردووە یاریزانەکانیان تووشی پێکانی قورس و جۆراوجۆر ببن.
هەر بۆیە ریاڵ مەدرید داوای کردبوو بۆ ئەوەی یارییەکەی بۆ 29ـی 10 دوابخرێت، لەکاتێکدا خۆی لە 19ـی 8 دەکرێت.
ئەمشەویش ریاڵ مەدرید لە پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە و ئەگەر بگاتە یاریی کۆتاییش، لە 13ـی ئەم مانگە لە ئەمریکا یاریی کۆتایی دەکات، دواتر دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، واتە یاریزانەکان تەنیا مانگێکیان لەبەردەمە بۆ پشوودان و ئەنجامدانی بە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ.
هەرچۆنێک بێت هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی کادینا سێر، لالیگا داواکەی ریاڵ مەدریدی رەتکردووەتەوە و بە یانە شاهانەکەی گوتووە کە بۆچوونیان وایە هیچ هۆکارێکی گرنگ نییە کە وابکات یارییەکە دوابخەن، بۆیە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت کە رێککەوتی 19ـی 8ـە.