چێڵسی و مان یونایتد و مان سیتی ئارەزووی گواستنەوەی دۆنارۆما دەکەن و ئامادەن لەم هاوینەدا گرێبەستی پێشکەش بکەن.
ئاستە بەرزەکەی جانلۆجی دۆنارۆما لەگەڵ پاریس سان جێرمان پێشکەشی دەکات و لەهەمان کاتدا نزیکی وادەی تەواوبوونی گرێبەستەکەی، کە تەنها ساڵێکی ماوە وای کردووە یانە گەورەکانی جیهان بەتایبەت پریمەرلیگ هەوڵی گواستنەوەی بدەن.
رۆژنامەی لیکیب بڵاویکردووەتەوە هەریەکە لە یانەکانی چێڵسی و مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتد چادێری بارودۆخی گۆڵچییەکە دەکەن و ئامادەن لەم هاوینەدا هەوڵی کڕینی بدەن.
سەرچاوەکە جەختی لەوەکردووەتەوە بەهۆی ئەوەی یانە پاریسییەکە بەشداری مۆندیالی یانەکانی کردووە،، گفتوگۆکان سەبارەت بەدرێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەی دۆنارۆما راگیراوە، بەڵام لە نزیکترین کاتدا پاریس و بەڕێوبەری کارەکانی ئەستێرە ئیتاڵییەکە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و ئەگەر لەسەر خاڵی ناکۆکی نێوانیان کە مووچەیە بگەنە رێککەوتن ئەوا یاریزانەکە بۆماوەیەکی زیاتر لە یاریگای باخچەی شازادەکان دەمێنێتەوە.
جانلۆجی دۆنارۆما لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە بەشداری 160 یاری کردووە و لەوماوەیەدا توانیوێتی لە 56 یاریدا گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵیتەوە.