لەسەرداوای فلێک بەرشەلۆنە فێرمین لۆپێزی لە لیستی یاریزانە فرۆشراوەکان هێناوەتە دەرەوە.
بەهۆی ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە پێویستە دەستبەرداری چەند یاریزانێکی ببێت لە پێناو ئەوەی بتوانن یاریزانی نوێ بگوازنەوە و بەئاسانی ناوی تۆماربکەن، بەرپرسانی بلەوگرانا لیستێکان ئامادەکردووە کە ئامادەن دەستبەردارییان ببن.
رۆژنامەی مۆندۆ بڵاویکردووەتەوە یەکێک لەو یاریزانانەی بارسا ئامادەبووە بیفرۆشێت فێرمین بووە، بەڵام پاش راوێژکردن بە هانسی فلێکی راهێنەر بڕیاریانداوە ئەو یاریزانە لە لیستە دەربکەن و بەهیچ شێوەیەک بیر لە بەرێکردنی نەکەنەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هۆکاری سەرەکی راهێنەرە ئەڵمانییەکە بۆ پشتگیریکردنی فێرمین لۆپێز دەگەرێتەوە بۆ تواناکانی ئەو یاریزانە لە گۆڕینی ئەنجامی یاری و لەهەمان کاتدا خاوەنی کەسایەتییەکی زۆرباشە لە ژووری جل گۆڕین و بەردەوام هاوکاری هاوڕێکانی دەکات.
گرێبەستی ئەستێرە ئیسپانییەکە لەگەڵ بەرشەلۆنە چوار ساڵی ماوە و ئاستی لە وەرزی داهاتوو چارەنووسی لە بلەوگرانا دیاری دەکات، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت بێگومان ماوەیەکی زیاتر لە یانەکە دەمێنیتەوە.