ڤینیسیۆس و ریاڵ مەدرید تا ئەم ساتە نەگەیشتونەتە رێککەوتن و داهاتووی یاریزانەکە بە نادیاری ماوەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی ئەنجامدا بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی داهاتووی و مانەوە لەگەڵیاندا.
میگێل ئەنخێل دیازی رۆژنامەنووسی ئیسپانی دوپاتیکردەوە کە تا ئەم ساتە یاریزانە بەرازیلییەکە بە هیچ شێوەیەک نەگەیشتووەتە رێککەوتنی بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا باس لەوە کرابوو کە ئەو یاریزانە رازیبووە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تا چەند ساڵێکیتر و لە دوای جامی جیهانی یانەکان رادەگەیەنرێت بەڵام ئەو بابەتە دوورە لە راستیەوە و تا ئێستا لەسەر چەند مەرجێک ماوە کە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
دەشڵێت، ڤینیسیۆس چەند مەرجێکی قورسی داناوە بۆ بەرپرسانی ریاڵ مەدرید تا لەگەڵ یانەکەیان بمینێتەوە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێن ئەوا کێشە لەنێو یانەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی توڕەبوونی هەریەکە لە کیلیان مباپێی فەرەنسی و جوود بێلینگهامی ئینگلیزی بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە شایستە داراییەکانەوە هەیە.
گرێبەستی ئێستای ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتاییدێت و بەرپرسانی یانەی شاهانەش دەیانەوێت تا 2030 نوێیبکەنەوە، لە کاتێکدا یانەکانی سعودیە و پاریس سان جێرمانی فەرەنسیش چاودێری دەکەن.