کلۆپ رەتیکردەوە دەستوەردان لە بڕیارەکانی راهێنەری لایپزیگ بکات و پێشیوایە راهێنەرە نوێیەکەیان سەرکەوتوو دەبێت.
یانەی لایپزیگ پاش سەرکەوتنی بۆ خولی ئەڵمانیا لە ساڵی 2016 ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە، بەڵام وەرزی پێشوویان لە پلەی حەوتەمی بۆندس لیگا کۆتایی پێهێنا و ئەوەش بووە خراپترین وەرزی یانەکە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوو، بۆ ئەم وەرزەش یۆرگن کلۆپ راهێنەرێکی نوێی بۆ یانەکە دەستنیشانکردووە کە ئەویش ئۆلی وێرنەری 37 ساڵانە.
یۆرگن کلۆپی راهێنەری پێشووی لیڤەرپول بەرپرسی تۆپی پێی کۆمپانیای ریدبوڵی خاوەنی یانەی لایپزیگە، وە لە یەکەم مەشقی پێش وەرزی یانە ئەڵمانییەکە ئامادەبوو ئەمەش وایکرد چەندین دەنگۆ بڵاوبکرێتەوە و باس لەوەبکرێن لە بڕیارە تەکنیکییەکانی یانەکە بەشدارە.
بەڵام بەڕێوبەرەکە لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی بۆندسلیگا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووە و وتی: نازانم چەند جار دەبێت ئەم بابەتە روون بکەمەوە، من لێرە سەرۆک نیم و چاوم لە بڕیارەکانی راهێنەر بێت، تەنها هەوڵدەدەم ئەزموونەکەم بگوازمەوە چونکە بەڕاستی ئەزموونێکی زۆرم هەیە لەم بوارەدا.
راهێنەرەکەی پێشووی دۆرتمۆند و لیڤەرپوول باسی شێوازی یاریکردنی تیپەکەی کرد لە ژێر سەرپەرشتی وێرنەر لە وەرزی نوێدا و وتی: زۆر نایاب و سەرنجڕاکێش دەبێت ئەگەر سەرکەوتوو بین، یاریکردنێکی هێرشبەری بە چڕییەکی بەرز، ڕێکخستنێکی داهێنەرانە، پێکهاتەی ئەم تیپە بەردەوام دەبێت لە گۆڕان، پێموایە ئەوە ڕوونە.
وەرزش
کلۆپ: دەست لە کاری راهێنەر وەرنادەم
پێش ساڵێک