سێ یانەی پریمەر لیگ چوونە کێبڕکێی گواستنەوەی کۆلۆ موانی و پاریس نرخی یاریزانەکەی دیاریکردووە.
رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی رایگەیاندووە، یانەی یۆڤانتۆس تووشی کێشە بووەتەوە و ناتوانێت گرێبەستی کۆلۆ موانی بکاتە هەمیشەیی ئەوەش رێگای بۆ چەند یانەیەکی تر خۆش کردووە.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا یانەکانی مانچستەر یونایتد و نیوکاسل یونایتد و چێڵسی ئینگلیزی ئارەزووی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە دەکەن.
دوپاتیشیکردووەتەوە کە بەرپرسانی پاریس سان جێرمان لارییان نییە لە فرۆشتنی کۆلۆ موانی بەرامبەر بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بە هەمیشەیی بەڵام دەستبەردار بوون لێی بە شێوازی خواستن رەتدەکەنەوە.
ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو بە خواستن یاریی بۆ یۆڤانتۆس دەکرد و یانە ئیتاڵییەکە دەیانەوێت خواستنەکەی بۆ یەک وەرزیتر بەرامبەر بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ درێژ بکەنەوە لەگەڵ مافی کڕینەوەی بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ بەڵام پاریس سان جێرمان ئەو داواکارییەی رەتکردەوە.
رونیشیکردووەتەوە، بەرپرسانی نیوکاسل لە ئەگەری رۆیشتنی ئەلیکساندەر ئیزاک ئامادەن 40 ملیۆن یۆرۆ بە پاریس بدەن بەرامبەر فرۆشتنی ئەو یاریزانە پێیان، مانچستەر یونایتدیش دەیانەوێت موانی بکەنە شوێنگرەوەی راسموس هۆیلاند کە ئەگەری زۆرە لە ریزەکانی یانەکەیان بڕوات.