مانچستەر یونایتد نزیکە لەوەی گیۆکیرێس لە ئارسناڵ بفڕێنێت و پارەیەکی زیاتری داوە بە سپۆرتینگ بۆ گواستنەوەی.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی ئابولای پۆرتوگالی، مانچستەر یونایتد سوودی لەو ناکۆکییە رواڵەتییە وەرگرتووە لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئارسناڵ و ئۆفەرێکی خێرا و گەورەی بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر گیۆکیرێسی ئەستێرەی سپۆرتینگ پێشکەش کردووە.
ئەو بڕە پارەیەی مان یو بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە سویدییەکە ئامادەیکردووە گەورەترە لە ئۆفەرەکەی ئارسناڵ و بڕەکەی لە نێوان 70 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆدایە، رۆژنامە پۆرتوگالییەکەش دەڵێت، چوونی گیۆکیرێس بۆ ئارسناڵ لە لێواری شکستە و شەیتانە سورەکانیش تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گواستنەوەی.
هەرچەند ئەستێرەکە خودی خۆی تامەزرۆی یاریکردنە لە ئارسناڵ، بەڵام بڕەکەی یانە لەندەنییەکە کە بریتیە لە 63 ملیۆن یۆرۆ بەرپرسانی سپۆرتینگی رازی نەکردووە و دەیانەوێت هێرشبەرەکەیان رەوانەی شاری مانچستەر بکەن.
هێرشبەرە 26 ساڵانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆرتینگ لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی 2027 بۆ 2028 تەواو دەبێت، بڕی هەڵوەشاندنەوەشی 100 ملیۆن یۆرۆیە.