ئەلێگری دوپاتیکردەوە دەیانەوێت بۆ گەیشت بە چامپیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو بجەنگن و تیپێکی باشیان هەیە.
ماسیمیلیانۆ ئەلێگری راهێنەری نوێی ئەی سی میلان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنگاپورە جەختی لەسەر ئەوەکردەوە لە ئێستادا ئامانجی رێکخستنەوەی تیپەکەیەتی و دوپاتیشیکردەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بگەنە چامپۆنز لیگی وەرزی داهاتوو.
سەبارەت بە جیاوازی میلانی ئێستا و میلانی 15 ساڵ پێش ئێستا وتی: دۆخەکە تەواو جیاوازە لە 15 ساڵ لەمەوبەر، 20 ڕۆژ پێش ئێستا دەستمان پێکرد و تیپەکە بە باشی راهێنان دەکات، مۆدریچ یاریزانێکی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە، ئەو پاڵەوانە و ئاستی تەکنیکی تیپەکە بەرز دەکاتەوە، وە ئامانجمان گەڕانەوەیە بۆ چامپیۆنزلیگ کە ئەمەش ئاسان نییە چونکە تیپی زۆر باش رکابەریمان دەکەن.
باسی لەوەشکرد، سەرنەکەوتنیان بۆ چامپیۆنز لیگ واتای ئەوەیە بەشداری یارییە گەورەکان ناکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سودێکی هەیە بۆیان ئەویش ئەوەیە دەتوانن پشووی زیاتریان هەبێت و راهێنانی باشتر بکەن، بەڵام ئەوەی روونە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ چامپیۆنز لیگ و سوودێکی دارای باش بە یانەکەیان بگەیەنن.
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەگەڵ یانەکەی لە هەماهەنگییەکی زۆر باشدان سەبارەت بە بازاڕی گواستنەوە و دەیانەوێت تیپێک درووست بکەن بۆ سەرجەم نازناوەکانی تێیدا بەشدارن بجەنگن.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگی بەوە نادەن لە وەرزی رابردوودا روویداوە و هەموو سەرنجیان لەسەر وەرزی داهاتووە، کۆمەڵێک یاریزانی زۆر باشی هەیە کە خاوەنی ئاستێکی باش و رەوشتێکی بەرزن.
وەرزش
ئەلێگری: ئامانجمان گەیشتنە بە چامپیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو
پێش ساڵێک